TGViewer
سیروان سیروان @sirwan_weekly · 884 subscribers
Post #1001 245
"نان و شەڕاب"ی ئینیاتسیۆ سیلوونە، لەسەر ڕفحەی چەپە ئایینییەکانی دەیەی چل

✍د.ڕەهبەر‌ مەحموودزادە


له دەیەکانی چل و پەنجای هەتاوی‌دا (شەست و حەفتای زایینی) ئایدیای ئاوێتە کردنی تێفکرینی سۆسیالیستی و ئایینی، زەینی بەشێک له ڕووناکبیرانی ئێرانی‌ وەها بەخۆیەوە خەریک کردبوو کە ئەم بیرۆکەیان کردبوو به پڕۆژەی سەرەکیی خۆیان. دیارترین سیمای ئەم چەشنە ڕووناکبیرانە عەلی شەریعەتی بوو. شەریعەتی له بەرگی یەکەمی کتێبی سێ بەرگیی ئیسلام‌ناسییەکەی‌دا دەڵێ تێفکرینی ئەو لەناو سێکوچکەیەک‌دا دەگوورێ کە گۆشەکانی بریتین له ئەگزیستانسیالیسم و سۆسیالیسم و ئیسلام.  ڕەنگە ئاشکراترین دەرکەوتەی ئەم ئەڵهایه بۆ ئاوێتە کردنی ئەو ئایدیایانە له کتێبی ئاڕاستەی چینایەتیی ئیسلام/ جهت‌گیری طبقاتی اسلام دا بکەوێتە بەرچاو. شەریعەتی لەم کتێبەدا دەڵێ موجتەهیدەکان تەنانەت ڕیوایەتی بێ‌سەند و لاوازیش دەکەن به بنەمای حوکمە فیقهییەکانیان بەڵام بەتەواوی گوێیان له ئایەتی کەنز له قورئان‌دا دەخەوێنن و ئەو ئایەتە له زەین و بیری خۆیان دەسڕنەوە.

هاوشیوەی شەریعەتی له دنیای عەڕەبیش‌دا هەبوو؛ کەسانێکی وەک مستەفا ئەسسیباعی کە دەیانویست بنەماکانی سۆسیالیسم له هەناوی ئیسلامەوە هەڵبێنجن.

من لەم کورتەنووسینەدا نامەوێ باسی ئەم بڕگەیه له مێژووی ئەندێشه له ئێران‌دا بکەم، بەڵکوو دەمەوێ باسی کارتێکەریی پەنامەکی بەڵام بنجیی ڕۆمانێکی ئینیاتسیۆ سیلوونە ڕۆماننووسی ئیتالیایی واتە "نان و شەڕاب" لەسەر ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمی ئێران بکەم. من له نووسراوەکانی عەلی شەریعەتی‌دا چ ئیرجاعێکم بۆ ئەم ڕۆمانەی سیلوونە نەدیوە، بەڵام به زەحمەتی دەزانم شەریعەتی نان و شەڕابی نەخوێندبێتەوە. نەشیخوێندبێتەوە هاوڕێژەیی و هاوشێوەییەک له نێوان بەشێک له بۆچوونەکانی ئەو و سیلوونەدا هەیە.

وەرگێڕانی فارسیی "نان و شەڕاب" له ساڵی ۱۳٤۵ به قەڵەمی ڕەوان و زەڵاڵی محەمەدی قازی بڵاو بووەوە. کاڕاکتێری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە شۆڕشگێڕێکی سۆسیالیست بەناوی "پیەتڕۆ سپینا"یه کە له ئیتالیای سەردەمی فاشیزم‌دا خەریکی خەباتێکی نهێنیی شێلگیر و بێ‌ئامانە. سپینا ئەو کاتەی له سویس دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، بۆ خۆشاردنەوە له پۆلیسی ئیتالیای فاشیست خۆی بەشێوەی قەشەیەکی بەساڵاچوو دەگۆڕێ و ناوی خۆی دەنێ "دۆن پائۆلۆ". سپینا به جل‌وبەرگی قەشەتی دەچێتە ناو کۆمەڵانی خەڵک و لەنزیکەوە پێوەندییان پێوە دەگرێ. ئەو لەو تێکەڵاوییەدا لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ زەحمەتکێشانی ئامادەی شۆڕش و ڕاپەڕین بەرەوڕوو بێتەوە، لەگەڵ هەڕەمەیەکی نوقمی نەفامی و خورافە و گەندەڵی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

سیلوونە لەم ڕۆمانەدا وەکوو یەک ڕەخنە له سۆسیالیسمی حیزبی و مەسیحییەتی کڵێسەیی دەگرێت، بەڵام له هەمان کات‌دا هەوڵ دەدا ماکەی سەرەکیی سۆسیالیسم و دادپەروەریی مەسیحییەتی سەرەتایی و تێڕوانینێکی ئەگزیستانسیالیستی پێکەوە تێکەڵ بکا و لێکدراوی ئەم ئایدیایانە لەناو ڕۆمانەکەی‌دا دراماتیزه بکا. هەر لەجێ‌دا ناوی ڕۆمانەکە واتە "نان و شەڕاب" ئیلهامی له چیرۆکی دوایین شەوی ژیانی مەسیح و دابەشینەوەی ساده و بێ‌فێڵی نان و شەڕاب بەسەر یارانی‌دا وەرگرتووه. لێرەش‌دا وەکوو بەرهەمەکانی شەریعەتی لەگەڵ سێ‌کوچکەی ئایین و سۆسیالیسم و ئەگزیستانسیالیسم و کەڵک وەرگرتن له هێما ئایینییەکان بەرەوڕوو دەبینەوە.

شەریعەتیش وەکوو سیلوونە ئانگژای مەزهەبی توێکڵ‌تەوەر و ئایدۆلۆژیای چەپی حیزبی دەبێتەوە بەڵام هەوڵ دەدا جەوهەری بێگەرد و پەتیی هەر دوو تێفکرین  بچۆڕێنێتەوە ناو پەرداخێکی فیکری و دەرخواردی بەردەنگان و لایەنگرانی خۆی بدا.

هەندێک نیشانە لەبەر دەستن کە بەشێک له شۆڕشگێڕه چەپه ئێرانییەکان له دەیەکانی چل و پەنجای هەتاوی‌دا ڕۆمانەکەی سیلوونە و کتێبەکانی شەریعەتییان پێکەوە دەخوێندەوە. ئاوێتە کردنی فێرکاریی سۆسیالیستی و بیرۆکەی ئایینی لەناو ڕووناکبیرانی چەپی ئەو سەردەم‌دا شتێکی نامۆ نەبوو. خەسرەو گوڵسورخی له دادگا بەناوبانگەکەی‌دا دوای ئەوەی باسی هەندێک بۆچوونی کارل مارکسی کرد، ئیمامی عەلی بە یەکەمین سۆسیالیستی مێژوو ناو هێنا. شەریعەتیش ئەبووزەڕی بە سۆسیالیستێکی بەرایی دەزانی.

بڵێی ئینیاتسیۆ سیلوونە خەریک بووبێ بەشێوەیەکی وەسفکارانە/ توصیفی/ descriptive، مەیلی ڕووناکبیرانی زەمانی خۆی بۆ لێک‌دانی ئایین و سۆسیالیسم نیشان بدا یان ویستوویه بەشێوەیەکی ڕاسپاردەکارانە/تجویزی/ prescriptive، ڕووناکبیران هان بدا جەوهەری ئەم دوو تێفکرینە لێک بدەن؟ هەر کامەیان بێ، کاتێک ڕۆمان‌نووس جلوبەرگی دۆن پائۆلۆی قەشەی دەبەر پیەتڕۆ سپینای شۆڕشگێری چەپ کرد، ئەو کارەی بەئانقەست کرد و ویستی خوازەیەکی مانادار بخولقێنێ. شەریعەتییەکان له دەیەی چل‌دا دەوری کاراکتێری واقعی و ناداستانیی پیەتڕۆ سپینایان دەگێڕا.

لە مێژوودا وا هەبووە دۆن پائۆلۆش جل‌وبەرگی خۆی دانابێ و ویستبێتی ڕۆیشتنێکی وەک ڕۆیشتنی سپیناکان تاقی بکاتەوە.
@sirwan_weekly
  • ❤ 2
  • 🥴 1
More from @sirwan_weekly
  1. Oct 17, 2026💢منطقه آزاد بانه و مریوان، فرصت‌ها و چالش‌ها ✍ آرمان فیضی ▪️ایده تاسیس منطقه آزاد بانه و…
  2. Oct 17, 2026🔺فلاکت در کوردستان؛ شکاف میان ظرفیت و توسعه بە قلم دکتر #فردین‌مصطفایی ‌روزنامه‌‌نگارسقزی…
  3. Oct 17, 2026سنگ تازه بر مزار صدایی که هرگز خاموش ‌نمی‌شود 🔺آرامگاه حسن زیرک در بوکان بازسازی شد 🔻سیر…
  4. Oct 17, 2026🔺از فریدون صدیقی،روزنامه‌نگار پیشکسوت کوردتجلیل می‌شود 🔸مراسم تقدیر و تجلیل از فریدون صد…
  5. Oct 17, 2026🔺سیروان شمارە ۱۳۷۲ تاریخ ۲۵ مهرماه ۱۴۰۵ 🔸گزارش سیروان از وضعیت گرانی وکمبود دارو در استا…
  6. Oct 17, 2026🔺حضور مستند «زلزله بدون ریشتر» در جشنواره مورفه اوکراین 🔹مستند کوتاه «زلزله بدون ریشتر»…
Threads Profile ViewerView any public Threads profile without an account.Open ThreadLook →Writing with AI? Make it sound human.Metric37 rewrites AI drafts so they read naturally. Free AI detector, 1,500 words free.Try Metric37 →