🚩 ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات
به بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ شیرینی خاکباز
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و ئەندامی پێشووی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هاوڕێ شیرین خاکباز، بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوێد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ شیرین لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری سنە لەدایک بوو. لە تەمەنی تازەلاوی و لە گەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران، ڕووی کردە خەباتی سیاسی و وەک چالاکێکی بنکە جەماوەرییەکان دەستی بە هەڵسوڕان کرد. هەر لەم سەردەمەدا بیروباوەڕی چەپ و سۆسیالیستی لای هاوڕێ شیرین گەشەی کرد و زۆری نەخایاند کە وەک یەکێک لە یەکەمین پێشمەرگەی ژن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە پەیوەست بوو.
سەرەڕای تەمەنی کەم و نەبوونی ئەزموونی خەباتی سیاسی و چەکداری، هاوڕێ شیرین وەک پێشمەرگەیەکی بوێر و لەخۆبردوو، هەروەها وەک لاوێکی وشیار و سیاسی و باوەڕمەند بە ڕێبازی سۆسیالیستی ڕزگاریی کرێکاران و چەوساوەکان، خۆی ناساند و بوو بە ڕەمزی سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی خەڵکی چەوساوە بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندی زوڵم و چەوساندنەوە.
قۆناغێک کە ژنان، هاوشانی پیاوان، کاروانێکی نوێی خەباتیان بە ڕێبازێکی نوێی سۆسیالیستی و ئازادیخوازی دەست پێ کرد و زهنییەتی کۆمەڵگایان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا گۆڕی، ئەو قۆناغەی کە بە خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە دەستی پێ کرد و خەباتکارانی وەک هاوڕێ شیرین بوون بە بەشێک لە مێژووی خەباتی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان و ناو و ناوبانگیان بۆ هەمیشە لە مێژوودا تۆمار کرا.
لە ساڵانی دواتردا، هاوڕێ شیرین لە گوردانی کاوە، کە یەکێک لە ناسراوترین گوردانەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو، درێژەی بە خەبات دا. ناوبانگی هاوڕێ شیرین لە گوردانی کاوە و لە ناو جەماوەردا بڵاو بووەوە و بوو بە ڕەمزی ئەو قۆناغە مێژووییە که ژنان تێیدا خۆڵقێنەر و داهێنەر بوون، فەرماندەی پێشمەرگە و ڕێبەری سیاسی بوون.
سەرەنجام، هاوڕێ شیرین ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ بوو. لە دەرەوەی وڵاتیش وەک تێکۆشەرێکی سیاسی، دایکێکی میهرەبان و هاوسەرێکی دڵسۆز درێژەی بە ژیانی خۆی دا و هەروەک پێشوو، خۆشەویست و جێگای ڕێزی تایبەتی لای هاوڕێیانی بوو.
بەداخەوە، ماوەیەک لەمەوبەر پزیشکەکان هاوڕێ شیرینیان ئاگادار کرد کە بە نەخۆشیی شێرپەنجە گیرۆدەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، هاوڕێ شیرین وەری خۆی لەدەست نەدا و تا کۆتایی ژیانی، هەستی خۆشەویستی بۆ ژیان و هیوا بە ڕزگاری لە ستەم و چەوساندنەوە هەروا بەهێز مایەوە.
لەگەڵ ڕێزدانان بۆ خەباتی دڵسۆزانەی هاوڕێ شیرین و پێزانینی خۆمان بۆ فیداکارییەکانی، هاودەردیی خۆمان لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزی، بە تایبەتی هاوسەر و هاوسەنگەری بەڕێزی، هاوڕێ موزەفەر کەریمی، و منداڵە ئازیزەکانی، ئەفشین و ڤیکتور، ڕادەگەیەنین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی هاوڕێ شیرین خاکباز بۆ هەمیشە بەرز و بەڕێز بێت.
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٢٥ی سپتامبری ٢٠٢٦
Post #7796
209
️️Komalamedia️ Video
- ❤ 2