⭕️ بەردەوامبوونی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام» لە هەفتەی سەد و چل و دووەمدا لە ۶۶ زیندانی جیاواز
🔴پەیوەستبوونی ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی کۆبوونەوەکان بە کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام»
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ١٠ی ئۆکتۆبەر، ١٨ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی دژ بە سزای ئێعدام بوو. ئێمە لە کاتێکدا ئەم ڕۆژەمان بەڕێوەبرد کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢۵ەوە تا ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، لانیکەم ٢٢٣٠ کەس لە ئێران ئێعدام کراون؛ لەوانە ۵۴ ژن، ۴۷ زیندانیی سیاسی و ٤ منداڵ. ئەم ژمارانە گێڕانەوەی ژیانی ئەو مرۆڤانەن کە لەدەستچوون، ئەو بنەماڵانەی کە کەوتوونەتە ماتەمەوە و ئەو کۆمەڵگایەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ترسی مردن و سەرکوت دەبێتەوە.
لەم هەفتەیەدا هەروەها حوکمی ئێعدامی ئەمیرحەسەن ئەکبەری مونفەرید، زیندانیی سیاسی و خوێندکاری ٢٣ ساڵە، لەلایەن دیوانی باڵای دادوەرییەوە پەسەند کرا و ژیانی ئەو زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە مەترسیدایە.
لەم هەفتەیەدا شایەتی سەرکوت و توندوتیژییەکی شێتانە لەلایەن حکومەتەوە بووین. بە جۆرێک کە هەرزەکارێکی ١٧ ساڵە بە ناوی ئومێد قانوونی لە شاری خوانساری پارێزگای ئەسفەهان دەستگیر کرا و ڕۆژی دواتر تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە، لە کاتێکدا شوێنەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیدا دیار بوو. هەر لەم پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی فەرید مەکاری لە مەشهەد دەستگیر کرا و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر گیانی لەدەست دا. هەروەها لە هەفتەی ڕابردوودا حکومەت جابەر خوسرەوی، زیندانیی سیاسی لە دامغان، و عومەر دەرەستاران، هاووڵاتییەکی بەلووچ، ئێعدام کرد.
جگە لەمانە، دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ عەلی زاکانی، زیندانیی سیاسیی ١٩ ساڵە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نموونەیەکی دیکەیە لە سێبەری قورسی پەتی سێدارە بەسەر ژیانی ئەو کەسانەدا کە لە دادگا نادادپەروەرەکانی حکومەتدا حوکمی ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێنرێت و ژیانیان لە مەترسیی لەناوچووندایە.
لەم هەفتەیەدا، خانم جینا ڕۆمێرۆ، ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی کۆبوونەوەکان، پشتیوانی و هاوپەیوەندیی خۆی لەگەڵ کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام» ڕاگەیاند. پشتیوانیی ئەو هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەو زیندانییانەی کە لە ژێر هەڕەشەی ئێعدامدا، بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆیی خۆڕاگری دەکەن.
ئێمە ئەندامانی «کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام»، کە بۆ ماوەی ١٤٢ هەفتەی بەردەوامە هاوار دەکەین هیچ مرۆڤێک نابێت ببێتە قوربانیی پەتی سێدارە، داوا لە هەموو ویژدانە زیندووەکانی مرۆڤایەتی، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە لە سنووری مەحکوومکردنی زارەکی تێپەڕن و بۆ دامەزراندنی میکانیزمێکی کردەیی و دەستبەجێ، بە مەبەستی ڕاگرتنی ئێعدامەکان لە ئێران، هەنگاو هەڵبگرن. لەم ڕۆژە تاریکانەی سەرکوتدا، خەڵکی ئێران بە تەنیا مەهێڵنەوە.
ئەندامانی «کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام» ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەزبەری ۲۴۰۵، لە هەفتەی سەد و چل و دووەمدا، لە ۶۶ زیندانی خوارەوە، بە هیوای ئێرانێکی ئازاد و دوور لە ئەشکەنجە و ئێعدام، لە مانگرتنی خواردندان:
زیندانی ئەڤین (بەشەکانی ژنان و پیاوان)، زیندانی قزلحەسار (یەکەکانی ٢ و ٣ و ٤)، زیندانی ناوەندیی کەرەج، زیندانی فەردیسی کەرەج، زیندانی تەهرانی گەورە، زیندانی قەرچەک، زیندانی خورینی وەرامین، زیندانی چووبیندەری قەزوین، زیندانی ئەهەر، زیندانی ئەراک، زیندانی لەنگەڕوودی قوم، زیندانی خورەمئاوا، زیندانی بروجەرد، زیندانی یاسوج، زیندانی ئەسەدئابادی ئەسفەهان، زیندانی دەستگەردی ئەسفەهان، زیندانی شەیبانی ئەهواز، زیندانی سپیداری ئەهواز (بەشەکانی ژنان و پیاوان)، زیندانی نیزامی شیراز، زیندانی عادلئابادی شیراز (بەشەکانی ژنان و پیاوان)، زیندانی فیروزئابادی فارس، زیندانی دەهدەشت، زیندانی زاهیدان (بەشەکانی ژنان و پیاوان)، زیندانی بەرازجان، زیندانی ڕامهۆرمز، زیندانی بەبهان، زیندانی بەم، زیندانی یەزد (بەشەکانی ژنان و پیاوان)، زیندانی کەهنوج، زیندانی تەبەس، زیندانی ناوەندیی بیرجەند، زیندانی مەشهەد، زیندانی گورگان، زیندانی سەبزەوار، زیندانی گونبەدی کاووس، زیندانی قائمشەهر، زیندانی ڕەشت (بەشەکانی پیاوان و ژنان)، زیندانی ڕوودسەر، زیندانی حەویقی تالش، زیندانی ئەزبەرەمی لاهیجان، زیندانی دیزڵئابادی کرماشان، زیندانی ئەردەبیل، زیندانی تەورێز، زیندانی ورمێ، زیندانی سەلماس، زیندانی خۆی، زیندانی نەغەدە، زیندانی میاندواو، زیندانی مەهاباد، زیندانی بۆکان، زیندانی سەقز، زیندانی بانە، زیندانی مەریوان، زیندانی سنە، زیندانی کامیاران، زیندانی ئیلام، زیندانی کرمان، زیندانی برووجەن، زیندانی نەیشابوور، زیندانی گەچساران، زیندانی نوور، زیندانی ئێرانشەهر، زیندانی بەندەرعەباس، زیندانی زیابەری سۆمەعەسەرا، زیندانی دەرەشەهری ئیلام و زیندانی مەشگینشەهر.
هەفتەی سەد و چل و دووەم
سێشەممە ٢١ی ڕەزبەری ۱۴۰۵
Post #321
102
کارزار سهشنبههای نه به اعدام #کەمپەینی_سێشەممەکانی_نا_بۆ_ئێعدام #نا_بۆ_ئێعدام @no_to_execution_tuesdays https://t.me/No_To_Execution_Tuesdays/
- 👏 6
- ❤ 1